نێوەرۆى ئەمرۆ عیماد ئەحمەد جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم سەردانى خانەى بەساڵا چوانى سلێمانى کرد کە 31 ژن و پیاوى بەساڵا چوو تیایدا ژیان بەسەر دەبەن .
جێگرى سەرۆکى حکومەت لەو سەردانەیدا چاوى بەساڵاچوانى ناوخانەکەوت و لەنزیکەوە لەچۆنیەتى پێشکەش کردنى خزمەت گوزارى خانەکەو خزمەت کردنیانى پرسى و بەشەکانى نوستنى پیاوان و ژنانى خانەکەى بەسەر کردەوە و لەچۆنیەتى پێداویستیەکانیانى کۆڵیەوە . پاشان لە دانیشتنێکیدا لەگەڵ بەساڵاچوانى خانەکە جێگرى سەرۆکى حکومەت وتى هاتوین بۆئەوەى لە چۆنیەتى گوزەران و ئەو خزمەت گوزاریانە بپرسین کەپێشکەشتان دەکرێت و هەر پێداویستى و کەم و کوریەکتان هەبێت بۆتانى دابین کەین . جێگرى سەرۆکى حکومەت وتى ئێوە کەس و کارى ئێمەن وەک حکومەتى هەرێم بە ئەرکى خۆمانى دەزانین خزمەتتان بکەین و بەرپرسانى خانەکەى راسپارد هەر پێداویستەکەیان هەبێت دەست بەجێ ئاگادارى بکەن بۆئەوەى بۆیان جێ بەجێ بکات ، داواشى لێکردن زۆر بەمهیرەبانیەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکەن .
جێگرى سەرۆکى حکومەت فەرمانگەى تەندروستى راسپارد هەموو هەفتەیەک دکتۆرى تایبەت بنێرن پشکنینیان بۆبکات و هەرچیەک پێویست کات بۆیان بکەن و لە چۆنیەتى و شێوازى خواردنەکەشیانى پرسى و رایسپاردن بەخواستى خۆیان خواردنیان بۆئامادە بکەن.
بەرێوەبەرى گشتى چاودیرَى کۆمەڵایەتى کە ئامادەى ئەو سەردانەبوو رایگەیاند بینایەکى نۆیان لە بەکرەجۆ بۆدروست کراوە بەستانداردى ئەوروپى و سیتەمى ساردوگەرمى مەرکەزى و گشت پێداویستیەکانیەوە لەماوەیەکى نزیکدا دەگوێزنەوە بۆئەو بینا نوێ یە ، جێگرى سەرۆکى حکومەتیش مۆلیدەیەکى یەک مێگاواتى بۆ بینا نوێ کە دابین کرد و هاوکارى هەموو بەساڵاچوانى خانەکەو پاداشتى کارمەندانى خانە کەشى کرد .
لەلایەکى ترەوە جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم سەردانى مالێکى هەژارو کرێ نشینى کرد لە گەرەکى هەوارەبەرزەى شارى سلێمانى کە لەگوزەرانێکى خراپدا ژیان بەسەر بەرئەبەن .
جێگرى سەرۆکى حکومەت لە نزیکەوە لەچۆنیەتى گوزەران و ژیان و پێداویستیەکانیانى پرسى و دڵ نەوایکردن کە لەهەموو دونیادا خەڵکانى فەقیرو هەژار هەن و لاى خۆشمان حکومەتى هەرێم خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە ژیانى خەڵکى خۆمان بەتایبەت چینى فەقیرو هەژار و ئەوانەى کەوەک پێویست داهاتێکیان نیە بژێوى ماڵ و مناڵیان دابین بکەن حکومەت مووچەیەکى منگانەیان بۆ دەبرێتەوە . جێگرى سەرۆکى حکومەت وتى هاتوین بۆئەوەى لەنزیکەوە ئاگادراى چۆنیەتى ژیان و گوزەرانتان بین و ئەوەى کە پێمان دەکرێت بۆتانى بکەین و بریارى دا شوقەیەکى نیشتەجێ یان بۆ دابین بکات و هاوکاریشی کردن بۆکرینى پێداویستیەکانى ناوماڵەکەیان و راشى سپاردن بۆ عیلاجى نەخۆشەکەیان هەرچیەک پێویست دەکات بۆى بکەن و حکومەتى هەرێم هەموو تێچوونەکەیان بۆدەدات .
هەرلەوگەرەکە جێگرى سەرۆکى حکومەت سەردانى ماڵێکى ترى هەژراى کرد کە کرێچین و بارى بژێویان خراپەو پێویستیان بەهاوکارى هەبوو .
جێگرى سەرۆکى حکومەت وتى حکومەتى هەرێم پشتوپەناى خەڵکە فەقیرو هەژارەکەیەتى و ئەوەى پێمان بکرێت بۆ چینى فەقیرو هەژارانى خۆمان درێغى ناکەین و دڵ نەوایى منداڵەکانى کردن کە حکومەتى هەرێم هاوکارى تەواویان دەکات و ئەوەى کەپێویست بوو هاوکارى کردن .